دیۆگۆ جۆتا گیانی لەدەستدا

AM:11:23:03/07/2025

1136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دیۆگۆ جۆتا لە تەمەنی 28 ساڵیدا بەهۆی رووداوی هاتوچۆەوە لە ئیسپانیا لەگەڵ ئەندرێی برایدا کۆچی دوایانکرد.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی مارکا، دیۆگۆ جۆتای هێرشبەری یانەی لیڤەرپول و هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆەوە لە ناوچەی زامۆرای ئیسپانیا لەگەڵ براکەیدا کۆچی دوایانکردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکەی دیۆگۆ جۆتا و ئەندرێی برای، لە ڕێگای خۆی دەرچووە و گڕی گرتووە، شایەتحاڵەکان پەیوەندییان بە فریاکەوتنی ئەو ناوچەیەوە کردووە بۆ ئەوەی ڕووداوەکە رابگەیەنن، باسیان لەوەکردووە، هیچ کەسێک نەیتوانیووە یاریمەتیان بدات بەهۆی ئاگرەکەوە.

فریاگوزاری سەرەتایی ناوچەکەش لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو رووداوە ئاماژەیان بەوەداوە، هەردوو براکە لە شوێنی رووداوەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

دوابەدوای کۆچی دوای دوو یاریزانەکەش، پیدرۆ پرۆینکای سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی پۆرتوگال رایگەیاند، یەکێتییەکەیان و تەواوی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بە تەواوی دڵگرانن بۆ لەدەستدانی جۆتا و ئەندرێی برای.

پرسە و سەرخۆشی ئاڕاستەی تەواوی کەسوکاری یاریزانەکان و ئەو یانانە دەکەن کە هەردوو براکە یارییان بۆ کردوون.

دیۆگۆ جۆتا کە لە تەمەنی 28 ساڵیدا کۆچی دوایکرد، یاری بۆ چەندین یانە کردووە کە گرنگترینیان، ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی و پۆرتۆی پۆرتوگالی و وڵڤەرهامپتۆن و لیڤەرپولی ئینگلیزییە، لەگەڵ رێدز بەشداری لە 180 یاریدا کردووە و خاوەنی 61 گۆڵ و 26 ئەسیست و چوار نازناوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش 49 یاری ئەنجامدا و توانی 14 گۆڵ تۆماربکات.

ئەندرێی براشی کە تەمەنی 25 ساڵان بوو، یاریزانی یانەی پێنافیڵی پۆرتوگالی بوو، لە تیپی لاوانی یانەی پۆرتۆ پێگەیشت و بووە یاریزانێکی پیشەگەر.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی مارکا دیۆگۆ جۆتای هێرشبەری یانەی لیڤەرپوڵ و هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە.

نوێدەکرێتەوە

OSZAR »